بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “کۆریا دەیلی”، دوو ڕاکەر و ڕاهێنەرێکی ئێرانی لە شاری گومیی کۆریای باشوور، بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێک دەستگیر کراون. ڕووداوەکە لە پەراوێزی یارییەکانی پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی ئاسیای ٢٠٢٥ ڕوویداوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامە کۆریاییەکە نووسیویەتی، پۆلیس لە ڕێکەوتی ٣١ی ئایاردا سکاڵایەکی پێگەیشتووە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە ژنێکی تەمەن نزیکەی ٢٠ ساڵ، کاتژمێر حەوتی بەیانیی هەمان ڕۆژ، لە هۆتێلێک لە شاری گومی، شوێنی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە، لەلایەن سێ وەرزشکاری ئێرانی و چەند کەسێکی دیکەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.
دوای ئەم سکاڵایە، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوو وەرزشکاری ئێرانیی تەمەن نزیکەی ٣٠ ساڵ، لەگەڵ ڕاهێنەرێکیاندا دەستگیر کردووە.
هەروەها ڕۆژنامە کۆریاییەکە ئەوەشی گوتووە، ئەو وەرزشکارانە و ڕاهێنەرەکەیان لە باڕێکدا لە شاری گومی ئاشنایەتییان لەگەڵ ژنە گەنجەکەدا پەیدا کردووە و دواتر بردوویانەتە هۆتێل و بە کۆمەڵ دەستدرێژییان کردووەتە سەر.
تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەم ڕووداوەوە بڵاو نەکراوەتەوە و پۆلیسیش بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی لەم دۆسیەیە.

