ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان لە دژی ئێران ئامادە کردووە کە ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند بکرێت، ئەوە سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەگەڕێننەوە سەر ئێران.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەبارەت بە گەڕاندنەوە و سەپاندەوەی سزاکان، هیوادارم وڵاتانی ئەورووپی هەڵەیەکی وا نەکەن، لەبەر ئەوەی ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیە و تەنیا قەیرانێکی زیاتر دەخاتە سەر قەیرانەکانی ئێستامان.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە گومانمان نییە ئەم ڕاپۆرتە لە ژێر کاریگەریی و گوشاری هەندێک وڵاتی دیاری ئەوروپیدا نووسراوە. ئاگادارین هەم سکرتێری گشتیی و هەم ئاژانسەکە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەژێر گوشاردا بوون بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی ئاژانس، ڕاپۆرتی مەبەستدار و سیاسی لە دژی ئەندامێک ئامادە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە میسر بە بەشداریی هاوتا میسرییەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش کۆبووەوە. پاش کۆبوونەوەکەش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی واز لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت و گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بەمە ڕازی نەبێت هیچ ڕێککەوتنێک نایەتە ئاراوە.
دوو ڕۆژ پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەرۆکی نوێترین ڕاپۆرتی سکرتێریی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بڵاو کردەوە کە بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی ئاژانس ئامادە کراوە و تێیدا هۆشداری دراوە، ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێک کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە و پاشەکەوتی یۆرانیۆمی خۆی گەیاندووەتە زیاتر لە 480 کیلۆگرام. بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: رافایل گرۆسی لە ژێر گوشاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا ئەم ڕاپۆرتەی نووسیوە.

