کەناڵی تەلەڤیزیۆنی “سی ئێن ئێن” ڕایگەیاندووە، بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ناڕوونە و ڕەنگە هەر بەڕێوەنەچێت.
سی ئێن ئێن ئەم ئەگەرەی دوای گفتوگۆ لەگەڵ “سەرچاوە ئاگادارەکان” وروژاندووە و زیادی کردووە، ئێران پێیوایە پێشنیارە نوێیەکەی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی “بێ پەیوەندی و پەرشوبڵاو”، “زۆر ناواقیعی” و “چاوەڕوانیی زۆری تێدایە”.
“بەرپرسێکی باڵای ئێرانی” گوتی: “گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێستی ئەمریکایییەکان، تا ئێستا ڕێگری سەرەکیی سەرکەوتنی دانوستانەکان بووە و ئێستا کاری قورستر کردووە لە هەر کاتێکی تر.” هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیاری ئەمریکا لەگەڵ لێکتێگەیشتنە پێشووەکان ناکۆکە و زیادی کرد: “دەقەکە بە ڕوونی لەگەڵ دوایین ڕێککەوتن لە گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان بەدەستهاتبوو ناکۆکە.”
ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بەپێی ئەو پێشنیارەی ئەمریکا داویە به تاران، “ئێران دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی چڕیی پیتاندنی خۆی بۆ سێ لەسەد کەم بکاتەوە.” ئەم پێشنیارە هەروەها دەڵێت، “دامەزراوەکانی پیتاندنی ژێرزەمینیی ئێران دەبێت بۆ ماوەیەک هەردوو لا لەسەری ڕێکدەکەون، ناچالاک بکرێن.”
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

