بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، پێنج سەرچاوەی هەواڵگریی جیاواز چالاکیی تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخی نەوتیان لە عێراق ئاشکرا کردووە کە ساڵانە لانیکەم یەک ملیار دۆلار بۆ ئێران و بریکارەکانی دابین دەكەن.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەم تۆڕە کە لە سەردەمی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی کار دەكەن، سوودێکی بەرچاو لە سیاسەتی حکوومەتی عێراقی بۆ پاڵپشتیکردنی فرۆشتنی ڕۆنی سووتەمەنی بە نرخێکی زۆر کەم وەردەگرێت.
بەپێی ئاژانسەكە تۆڕەکە پشت بە کۆمپانیاکانی قیڕ و کەسانی ڕاستەقینە و یاسایی لە عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو دەبەستێت و مانگانە لەنێوان 500 بۆ 750 هەزار تۆن ڕۆنی سووتەمەنیی قورس بە قاچاخ دەبات کە یەکسانە بە نزیکەی 3.4 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل نەوت.
ئەم بڕە بۆ وڵاتانی ئاسیا دەنێردرێت، دوو ڕێگەی سەرەکی بۆ دەرهێنانی ئەو نەوتە لە عێراق بەکار دێت:
یەکێک لەو شێوازانە بریتییە لە تێکەڵکردنی نەوتی سووتەمەنیی عێراق لەگەڵ نەوتی سووتەمەنیی ئێران، ئەمەش وا دەکات جیاكردنەوەیان ئەستەم بێت. ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات خۆی لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەکردنی نەوت بدزێتەوە.
شێوازی دووەم بریتییە لە هەناردەکردنی ڕۆنی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیاکانی قیڕ بە نرخێکی کەم، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی پارە بۆ میلیشیاکانی سەر بە تاران کە کۆنترۆڵی ئەم تۆڕە دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، داهاتی ساڵانەی ئەم تۆڕە لە نێوان یەک تا سێ ملیار دۆلاردایە، ئەمەش بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی قەبارەی تێپەڕبوونی نەوت بە تۆڕەکە و تێکڕای نرخەکەی.
ئێران عێراق بە خاڵی گواستنەوەی گرنگ لە ڕووی ئابوورییەوە دەزانێت، هەر بۆیەش لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکانی و لایەنە لایەنگرەکانی ئێرانەوە، کاریگەرییەکی بەهێزی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە وڵاتەکەدا دەهێڵێتەوە.
بەشێك لە سەرچاوەكان پێیان وایە هاوکاریی عێراق لەگەڵ ئێران لەم کارە نایاساییانەدا دەتوانێ بەرپرسانی عێراق و دامودەزگاکانی حکوومەت ڕووبەڕووی گەمارۆکانی داهاتووی ئەمریکا بكاتەوە.

