ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە قەیرانی وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر حەوت بۆ هەشت پارێزگای عێراق هەیە، کە زۆربەیان لە باشووری وڵاتدان.
سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەم ئاماژەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتیانی عێراق، کە ڕەنگە نەتوانرێت ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە.
ڕوونیشیکردەوە، “ئەم بێخەمیەی ئەنقەرە، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو لێکتێگەیشتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا کراوە، ئەمەش لە چوار ئاراستەدا کاردانەوەی جددی دەبێت، دیارترینیان: کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دانیشتوانی گوندەکان دەبێت، ئەگەری ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەکۆمەڵ، لەناوبردنی هەر پلانێکی کشتوکاڵی لە داهاتوودا، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لەو ناوچانەدا.”
جەختی کردەوە، “وشکەساڵی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ئاو، لەگەڵ ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، گوتیشی: دەمێکە دیاردەی بە بیابانبوون دەستی پێ کردووە، بۆیە مەترسیەکە تەنیا لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو تەواوی ئەو پارێزگایانەی باشووری عێراق دەگرێتەوە، کە زیاتر لە 20 ملیۆن کەسی تێدایە.”
لە کۆتاییدا سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر و فشار بخاتە سەر تورکیا، بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بەربداتەوە، هەروەها پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە.

