zagros news agency

بە هەزاران پەنابەری سووریایی لە وڵاتانی دراوسێوە دەگەڕێنەوە

پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئۆردۆن، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بە شێوەیەکی بەرچاو خێرایی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژانە هەزاران کەس دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریایی، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار پەنابەر بە ویستی خۆیان لە وڵاتی ئۆردۆنەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە سووریا.
ئیلهام موتیع، ئەندامی دەزگای ڕێکخستنی پڕۆسەکانی گەڕانەوە، گوتی: “ماوەی نۆ ڕۆژە ئەم کەمپینە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لە سووریا و زۆر دڵخۆشن. ئێمەش بۆ پێشوازی لێکردنیان، تیمی تایبەتمان ئامادە کردووە.”
بەپێی زانیارییەکان، لە دەروازەی سنووریی جابر (ناسراو بە نەسیب) کە سووریا و ئۆردۆن پێکەوە دەبەستێتەوە، دەیان ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری پەنابەرانی سووریایی لە ڕیزدا وەستاون تا بپەڕنەوە بۆ خاکی سووریا. زۆربەی ئەم پەنابەرانە دانیشتووی کەمپی زەعتەری بوون، کە وەک دووەم گەورەترین کەمپی پەنابەران لە جیهاندا ناسراوە.
محەمەد مەسالمە، یەکێک لە پەنابەرە گەڕاوەکان، گوتی: “ماوەی ١٣ ساڵ بوو لە کەمپی زەعتەری بووم. دوای ڕووخانی ئەسەد، هەموو برادەرانم گەڕانەوە، بەڵام من لەگەڵ خێزانەکەم مابوومەوە و ئێستاش ئێمە دەگەڕێینەوە.”
هەر لەمبارەیەوە، مەنسوور حەسەن، پەنابەرێکی دیکە، گوتی: “پێشتر ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆردۆنەوە دەچوونەوە سووریا زۆر کەم بوو، بەڵام ئێستا جموجۆڵێکی زۆر دروست بووە. هەر کەسێک دەگەڕێتەوە، هانی ئەوانی دیکەش دەدات و پێیان دەڵێت وڵات ئارام بووەتەوە و بارودۆخ باشە.”
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا، ٦٥ هەزار و ٦٨٠ پەنابەری سووریایی بە ڕەزامەندیی خۆیان لە ئۆردۆنەوە گەڕاونەتەوە سووریا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران تۆمەتەکانی سوید ڕەت دەکاتەوە

سەڵاح

سوپای لوبنان ٢٠ هاوڵاتیی سووریایی لە خنکان ڕزگار کرد

سەڵاح

سویسرا: پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی نه‌تانیاهۆ

سەڵاح