فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی چوونە ناو ئەمریکا بۆ هاوڵاتیانی 12 وڵات لە ئەمڕۆ دووشەممە 9.6.2025 كەوتەكار، هاوكات هەندێك ئیجرائاتی بەرامبەر هاوڵاتیانی حەوت وڵاتی دیكەش راگەیاند.
بەپێی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەفغانستان، میانمار، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا ئیکواتۆریال، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن بە هیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێـ بچنە ئەمریكاوە و ڤیزایان پێنادرێت، هەروەها سنووردارکردنی گەشتی هاوڵاتیانی وڵاتانی بۆروندی، کوبا، لائۆس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا بۆ ئەمریكا.
ئیدارەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی تیرۆر و لاوازی سیستمی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و هاوکارینەکردنی چەند وڵاتێک سەبارەت بە ئاسایشی ڤیزا، پاساوی بۆ ئەم هەنگاوە هێناوەتە، هەروەها ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەی سەرپێچییەكانی ڤیزا کردووە.
لەگەڵ ئەو قەدەغەكردنەشدا، بەڵام هەر لەم وڵاتانەی ناویان هاتووە، رێگە بەو كەسانە دەدرێت سەردانی ئەمریكا بكەن، كە خاوەنی گرین کارت، خاوەن ڤیزای ئێستا، دیپلۆماتکاران و وەرزشوانانی بەشدار لە بۆنە نێودەوڵەتییەکانن، یان ئەندامانی خێزانی هاوڵاتیانی ئەمریکیین، ئەمە جگە لە لێخۆشبوونەکانی دیکەی وەک خاوەن ڤیزای کۆچبەری “تایبەت” لە ئەفغانستان و کۆچبەرانی ئێرانییەوە.

