هاوکات لەگەڵ هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی لەنێو خاکی ڕووسیادا، مۆسکۆش هێرشێکی بەرفراوانی بە سەدان درۆن و مووشەک کردە سەر ئۆکرانیا.
هەولێر، زاگرۆس – سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەوانە هێرشیان کردووەتە سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی چواشستانی ڕووسیا. بە گوتەی سوپای ئۆکرانیا، ئەو کارگەیە تایبەتە بە دروستکردنی کەرەستە بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “شاهید”، بۆمبی ئاراستەکراو و چەکی وردبین.
لە بەرانبەردا، مۆسکۆ ڕایگەیاندووە پاشماوەی ئەو درۆنانەی خراونەتە خوارەوە، بەسەر کارگەکەدا کەوتوون، بەڵام ئۆکرانیا جەختی کردووەتەوە هێرشەکە ڕاستەوخۆ بووە. پارێزگاری ناوچەکەش گوتی، کارکردن لە کارگەکەدا بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
هاوکات، هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، ڕووسیا لە هێرشێکی شەوانەدا ٤٧٩ درۆن و ٢٠ مووشەکی بەکارهێناوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە. ئامانجی هێرشەکان فڕۆکەخانەیەکیشی لەخۆگرتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزی ئاسمانی، بەرگریی ئۆکرانیا توانیویەتی ٤٦٠ درۆن و ١٩ مووشەک بخاتە خوارەوە، لەنێویاندا چوار مووشەکی جۆری “کینژاڵ” هەبوون.
شایەنی باسە، ڕووسیا ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا، بەردەوام بە درۆنی “شاهید”ی دروستکراوی ئێران، ناوچە سڤیلنشینەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٢ هەزار هاووڵاتیی سڤیل.
لەلایەکی دیکەوە، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی جەنگ لەگەڵ مۆسکۆدا، بەڵام گومانی لە سەرکەوتنی دانوستانەکان هەیە.
زێلێنسکی لە وتارە ڤیدیۆییە شەوانەکەیدا گوتی: «ئۆکرانیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی دیلەکان و گەڕاندنەوەی جەنگاوەرە پاڵەوانەکانمان.»
هەروەها گوتیشی: «بەداخەوە، ئەو لیستە تەواوەی ڕووسیا کە زیاتر لە هەزار ناوی لەخۆدەگرت و لە ئەستەنبووڵ ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، هێشتا پێشکەش نەکراوە. وەک پیشەی هەمیشەیی، لایەنی ڕووسیایی جارێکی دیکە هەوڵ دەدات ئەم بابەتە بکاتە یارییەکی سیاسی و هەواڵگریی پیس.»

