zagros news agency

گروسی: چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران جێگەی نیگەرانیی قووڵن

 

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئاژانس ناتوانێت چاوپۆشی لە کۆکردنەوەی سەدان کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە بکات.

ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانس، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵ وەسف کرد.

کۆبوونەوەی وەرزیی ئەنجوومەنی پارێزگاران لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە لە ڤیەننا دەستی پێکردووە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕافائێل گروسی گوتی: «لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا، پشکنەرانی ئاژانس لە سێ شوێنی نهێنی لە وەرامین، تورقوزئاباد و مەریوان، پاشماوەی یۆرانیۆمیان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئێران هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە بە ئاژانس نەداوە. هەرچەندە داوامان لە ئێران کردووە ڕوونکردنەوەی پێویست بدات، بەڵام بەداخەوە بەردەوام خۆی لە پێشکەشکردنی وەڵامی تەکنیکیی باوەڕپێکراو دزیوەتەوە و هەوڵی داوە بە پاککردنەوەی ئەو شوێنانە، کاری پشکنینی ئاژانس پەک بخات.»

گروسی جەختی کردەوە، ئاژانس گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی تاکوو سەرەتاکانی دەیەی ٢٠٠٠، لەو ناوەندانەدا چالاکیی ئەتۆمیی نهێنی لە چوارچێوەی «بەرنامەیەکی ئەتۆمیی پێکهاتەمەندی ڕانەگەیەندراو» ئەنجام دراوە.

هەروەها بڕیارە تاکلایەنەکەی ئێرانی بۆ سنووردارکردنی کاری پشکنەرانی ئاژانس بە پێشێلکردنی پابەندییە یاساییەکانی ئەو وڵاتە ناوبرد و گوتی: «ئەم هەنگاوە توانای ئاژانسی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئاشتیخوازانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەم کردووەتەوە.»

هاوکات، سێ وڵاتی ئەورووپایی، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، پێشنووسی بڕیارنامەیەکی توندیان دژی ئێران ئامادە کردووە و پشتیوانیی ئەمریکاییشی لەگەڵدایە. ئەم پێشنووسە لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆش دەکات و ئەمەش ڕووداوێکە دوای ١٩ ساڵ دووبارە دەبێتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەم نیگەرانییانەدا، گروسی هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بگەنە ئەنجام و گوتی: « لە هاندانی ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی دانایی و بوێریی سیاسی بنوێنن و دۆخەکە سەر بخەن، چونکە سەقامگیربوونی دۆخی ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوین هەنگاوێک لە ئاشتی و گەشەسەندن نزیکتر دەکاتەوە.»

هەواڵی پەیوەندیدار

ئامێدی.. دروستكردنی سێیەم پۆندی هەرەوەزیی (كانی چناركا) دەستی پێكرد

سەڵاح

دۆناڵد ترەمپ هەزاران فەرمانبەری لە کارەکانیان دوورخستەوە

یاسین

ئاگرکەوتنەوە لە ئیزمیر فڕۆکەخانەی عەدنان مەندەرێسی داخست

سەڵاح