zagros news agency

ئێران: وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك ناوەندێکی نوێی پیتاندن لە شوێنێکی پارێزراودا دروست دەکەین

 

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بڕیارنامەی سەرکۆنەکردنی ئێران لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕایانگەیاند ناوەندێکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم لە “شوێنێکی پارێزراودا” دروست دەکەن و چەندین ڕێکاری دیکەش دەگرنە بەر. هەروەها تاران دەرکردنی بڕیارنامەکەی بە “دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاران وەک ئامرازێک” لە قەڵەم دا.

ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، پڕۆژەبڕیاری سێ وڵاتە ئەوروپایییەکەی ئەندامی ڕێککەوتنی ناوکی (فڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا)ی پەسەند کرد، کە پاڵپشتیی ئەمریکای هەبوو. لە بڕیارنامەکەدا پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی پەیمانی پارێزگاریی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی سەرکۆنە کراوە و داوا لە تاران دەکات هاوکاریی تەواوی ئاژانس بکات و وەڵامی پرسیار و گومانەکان بداتەوە سەبارەت بە چالاکییە ڕانەگەیەندراوەکان و ئەو گەردیلە یۆرانیۆمە پیتێندراوانەی لە چەند ناوەندێکدا دۆزراونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، «دروستکردنی ناوەندێکی نوێی پیتاندن لە شوێنێکی پارێزراو و جێگرتنەوەی ئامێرەکانی نەوەی یەکەم لە ناوەندی پیتاندنی فۆردۆ بە ئامێری پێشکەوتووی نەوەی شەشەم» وەڵامی تارانە بۆ دەرکردنی بڕیarنامەی سەرکۆنەکردن لە ئەنجوومەنی پارێزگاران.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بە “هەنگاوێکی ناڕەوا، بێهۆکار و ستەمکارانە” زانی و گوتی: “بۆ فشارخستنە سەر ئێران داڕێژراوە و جێبەجێ کراوە تا لە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی گەلی ئێران لە بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوکی پاشگەز بێتەوە.”

پێشتر کازمی غەریب ئابادی، جێگری یاسایی وەزارەتی دەرەوە، لە کاردانەوەی بەرانبەر پەسەندکردنی بڕیارنامەکە گوتی: «هەر کاتێک بڕیarنامە سیاسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگاران پەسەند بکرێت، ئەو ڕێکارانەی دوێنێ پەسەندمان کردوون دەستبەجێ جێبەجێیان دەکەین و بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بە دڵنیاییەوە هەنگاوی زیاتر و پێشکەوتووتر دەنێت.»

پەسەندکردنی بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگاران لە دژی ئێران لە کاتێکدایە، ئێران و ئەمریکا لەسەروبەندی گەڕی شەشەمی گفتوگۆکانیانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا گوتی دڵنیایی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران کەمتر بووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

گەیشتنی گەشتی دووەمی ئێرانییەکانی دوورخراوە لە ئەمریکا بۆ ئێران

یاسین

هه‌ولێر … کۆنفرانسێکی تایبەت بە رۆڵی پۆلیس لە جێبەجێکردنی یاسا و مافی مرۆڤ بەرێوەچوو

یاسین

سه‌رۆكى ديوان پێشوازى له‌ كونسوڵى گشتيى ئيمارات كرد

سەڵاح