zagros news agency

سەرۆکی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل: بازنەی هێرشەکانمان بۆ دەرەوەی تاران فراوان دەکەین

 

ژەنەڕاڵ شلۆمی بیندەر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دوای “خۆشکردنی ڕێگا بەرەو تاران”، سوپای وڵاتەکەی “بەزوویی لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکات.”
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “تایمز ئیسرائیل”، ژەنەڕاڵ شلۆمی بیندەر، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی حوزەیران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەفسەرانی یەکەکەی، پێی گوتن: “ئێوە ئەو زانیارییانەتان دابین کرد ڕێگای بەرەو تارانی خۆش کرد و ئەگەری هێرشکردنە سەر ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی ڕەخساند. بەم زووانە لە شوێنی دیکەش دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەن.” ناوبراو جەختیشی کردەوە: “ئێوە سەلماندتان دەتوانن سنوورەکان ببەزێنن و بگەنە هەر ئامانجێک.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداریی دابووە دانیشتووانی ناوچەی ٣ی تاران بەپەلە ناوچەکە چۆڵ بکەن. لە بەیاننامەکەدا گوترابوو سوپای ئیسرائیل نیازی هەیە هێرش بکاتە سەر “ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیەدا.” کەمێک دوای ئەم هۆشدارییە، باڵەخانەی دەنگ و ڕەنگی ئێران کرایە ئامانج.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاییش لە پەیامێکی بێپێشینەدا داوای لە دانیشتووانی تاران کرد “دەستبەجێ” پایتەخت بەجێ بهێڵن. تۆڕی سی‌ئێن‌ئێنی ئەمریکایی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردەوە، مەبەستی ترەمپ لەم پەیامە “فشارخستنە سەر ئێران بووە بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.”
پێشتریش ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دابوو، ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت، “تاران لە ئاگردا دەسووتێت.” جێی ئاماژەیە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا تا ئێستا سەدان هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

سامانی عێراق له بۆندەکانی ئەمەریکا بۆ کەمتر لە 30 ملیار دۆلار دابەزی

یاسین

شێركۆ حه‌بیب نوێنه‌ری پارتی له‌ میسر بۆ زاگرۆس: هێزی پێشمه‌رگه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێم ئیداره‌ی قه‌ندیل ده‌ده‌ن

یاسین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

یاسین