بەرپرسانی چیک و سلۆڤاکیا ڕایانگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، 181 هاووڵاتی خۆیان لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی هەردوو وڵات، دوێنێ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، چیک بە فڕۆکەی حکوومی 66 هاووڵاتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیلەوە گەڕاندووەتەوە، هەروەها سلۆڤاکیاش 73 هاووڵاتی خۆی لەڕێگەی عوممانەوە گەڕاندووەتەوە شاری براتیسلاڤای وڵاتەکەی.
لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەی داخست و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
وەزیری بەرگری چیک، یانا سیرنۆخۆڤا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، “خۆشحاڵم هەموو ئەوانەی گەڕێندرانەوە سەلامەتن، پرۆسەکە زۆر قورس بوو” بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستا.
ئاماژەی بەوەش کرد، 66 هاووڵاتی چیکیمان گواستووەتەوە وڵات، گوتیشی: نەمان توانی فڕۆکەی سەربازی ڕاستەوخح بنێرینە ئیسرائیل بۆ هێنانەوەی ئەو هاووڵاتیانە، چونکە ئاسمانی ئەو وڵاتە داخراوە، بۆیە لە ڕێگەی وڵاتێکی دراوسێی ئیسرائیلەوە پرۆسەکەمان کرد.
یورای بلانار، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا ڕایگەیاند، بەفڕۆکەی حکوومەت، ڕۆژی دووشەممە، 73 هاووڵاتی کە زۆرینەیان سلۆڤاکیی بوون لە ڕێگەی وڵاتی عوممانەوە گەڕاندەوە شاری براتیسلاڤا، گوتیشی: هەر بەفڕۆکەی سلۆڤاکی 42 هاووڵاتی دیکەمان لە ڕۆژی سێشەممە گەڕاندەوە وڵات.

