پێنجشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گشتاندنێکی لەبارەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا(ماستەرو دکتۆرا) لە زانکۆکانی عێراق سەبارەت بە پلانی مۆڵەتی خوێندن بڵاو کردەوە، بەپێی گشتاندنەکە، لە حاڵەتی وەرگیرانی هەر فەرمانبەرێک، ئەوا ئەو پسپۆڕییە لە پلانی مۆڵەتی خوێندنی ناوخۆ زیاد دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی 3 بڕیاری لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەران تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن دەرکرد، ئەوانیش: پێدانی لارینەبوونی ڕاستەخۆ لەلایەن زانکۆ، بە مامۆستایان و فەرمانبەران بەمەبەستی خوێندن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە چوارچێوەی 100 کورسی. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو 100 کورسییە لەدەرەوەی پلانی پەسەندکراوی مۆڵەتی خوێندن دەبێت و راستەوخۆ بۆ پلانی مۆڵەتی خوێندنی ناوخۆ زیاد دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کردووە، درێژکردنەوەی ماوەی بەرزکردنەوەی ناوی کاندیدانی کێبڕکێی مۆڵەتی خوێندن تاوەکوو 31ـی تەممووزی 2025، بۆ ئەوەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ئێستا لە کۆرسی زمانی ئینگلیزی سەنتەری زمانی زانکۆ حکومییەکانن، بتوانن سوود لە وەرگرتنی خاڵەکانی بڕوانامەی ئینگلیزی وەربگرن لە کاتی کێبڕکێی مۆڵەتی خوێندن.

