هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، مۆسکۆ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لەم شەڕەدا، “تەواوی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات” و دەرەنجامی کارەساتباری لێ دەکەوێتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، گوتی، دەستوەردانی ئەمریکا دەبێتە هۆی “تەقینەوەیەکی ترسناکی توندوتیژی”. هاوکات، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، هێرشەکانی ئیسرائیلی بە “ناڕەوا” ناو برد و هۆشداریی دا، “هەر جۆرە دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا، دەرەنجامی نەرێنی و پێشبینینەکراوی لێ دەکەوێتەوە.”
ئەم هۆشدارییانەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، مۆسکۆ تەهرانی بە هاوپەیمانێکی گرنگی ستراتیژیی خۆی دەزانێت. لە سەرەتای ئەمساڵدا، هەردوو وڵات پەیماننامەیەکی ستراتیژییان واژۆ کرد کە بڕگەی هاریکاریی بەرگری و ئەمنیی لەخۆ گرتووە. جگە لەوەش، ئێران لە شەڕی ئۆکرانیادا بە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهد”، یارمەتیی سەربازیی ڕووسیای داوە.

