وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، گوایە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئاسمانی تورکیایان بەکار هێنابێت. هاوکات بە توندی هێرشەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، ئەو کارانە ناوچەکە دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە.
زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: “ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێمان، جارێکی دیکە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە. ئێمە ئەو هێرشە نایاساییانە ئیدانە دەکەین.”
ئاکتورک گوتیشی: “کارە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل سنوورەکانی تێپەڕاندووە و ناوچەکە بەرەو ئاژاوەیەکی گەورە دەبات، بۆیە پێویستە دەستبەجێ کۆتاییان پێ بهێنێت.”
سەبارەت بە دەنگۆی بەزاندنی سنوور، سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیادا جەختیان کردەوە، ڕێوشوێنی ئەمنیی توند لەسەر سنوورەکان گیراوەتە بەر و هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان. هەروەها ئەو هەواڵانەشیان ڕەت کردەوە، باس لە کۆچی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ تورکیا دەکەن.
هەواڵی داهاتوو

