یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، کەناڵی ‘سی بی ئێس’ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، واشنتن تارانی ئاگادار کردووەتەوە، دوای لێدانەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەنیازی گۆڕینی حکوومەتی ئەو وڵاتە نییە.
بەگوێرەی ئەو کەناڵەکە، “ئەمڕۆ یەکشەممە، حکوومەتی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تارانەوە کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە کە ئەو هێرشە سەربازییەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد، “پلانی بۆ دانراوە”، بەڵام بەنیازی ئەوە نییە هیچ هێرشێکی دیکە بکات، هەروەها ئەمەریکا “هەوڵی گۆڕینی حکوومەتی ئێران نادات” ئەمەش هەوڵێکی ڕوونە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و ڕێگریکردن لە خلیسکانی ناوچەکە بۆ شەڕێکی تەواو.
هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، “ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە لەگەڵ ئێرانییەکان قسە بکات، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵدەدات دەرچەیەک بۆ لێکگەیشتنی دیپلۆماسی بهێڵێتەوە تاوەکوو بتوانێت ناوچەکە هێور بکاتەوە”.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە، “ئیدارەی ترەمپ پەیوەندی بە ئێران کردووە، بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە هێرشەکە ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنەیە نەک سەرەتای شەڕێک بۆ گۆڕینی حووکمڕانی وڵاتەکە.”
ئەم پەیوەندییە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کردوویەتیە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

