وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕێنوێنییەکی نوێی گەشتیاریدا، هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییە ئەمریکاییەکان و داوایان لێ دەکات بەهۆی مەترسیی بەرزی کردەوەی تیرۆرستی، ڕفاندن و ئاڵۆزیی چەکدارییەوە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی سووریا نەکەن.
وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا دۆخی ئەمنیی سووریای بە “نائارام و زۆر مەترسیدار” وەسف کردووە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئاسمانی سووریا هێشتا بە ڕووی گەشتی ئاسایی فڕۆکەوانیدا داخراوە و ئەمەش توانای حکوومەتی ئەمریکایی بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانی لە کاتی پێویستدا زۆر سنووردار دەکات.
هەروەها وەزارەتی دەرەوە داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکاییانە دەکات لە سووریان و دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن، لە ڕێگەی ئەو دەروازە وشکانییانەوە بچنە دەرەوە کە لەگەڵ ئوردن و لوبناندا کراوەن.

