دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وێڕای پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە “زۆر باش” وەسفکردنی، ڕای گەیاند: “ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئێمە ڕێگە نادەین ئەو وڵاتە یۆرانیۆم بپیتێنێت.”
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هێرشە دواییەکانی “سەرکەوتنێکی گەورە”ی بەدەست هێناوە و گوتیشی: “بۆمبەکانمان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فەردۆیان بەتەواوی خاپوور کرد و پێم وایە ئێران سەرکەوتوو نەبووە لە گواستنەوەی هیچ کەرەستەیەکی ئەتۆمی لە بنکەکانی.”
ناوبراو ئیدعای ئەوەشی کرد کە کۆگای مووشەکیی ئێران لەناو براوە و بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئەو وڵاتە “بۆ دەیان ساڵ پاشەکشەی پێ کراوە.” هەروەها هۆشداریی دا و گوتی: “ئەگەر ئێران دەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکاتەوە، دووبارە هێرش دەکەینەوە.”
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندنی سەرەتایی، هێرشەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو ببەن. ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA)، کە باڵی هەواڵگریی پێنتاگۆنە، ڕای گەیاندبوو هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی فەردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان، تەنیا چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دواخستووە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لە کاریگەریی هێرشەکان دەکەنەوە. مارکۆ ڕوبیۆ، سێناتۆری دیاری کۆمارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “پۆلیتیکۆ” گوتی: “زیانێکی قورس و بنەڕەتی بەر بەشە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەوتووە.” ناوبراو ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە ئەنجامی بڕیارێکی “ئازایانە”ی ترەمپ لە قەڵەم دا و ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی بە “درۆ” و خاوەنی “ئەجێندایەکی سیاسیی تایبەت” ناو برد.
هاوکات، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو هەڵسەنگاندنەی ڕەت کردەوە و گوتی: “ئەو ڕاپۆرتە بەتەواوی ناڕاستە،” و گومانی خۆی لە شێوازی دزەپێکردنی ئەو زانیارییە نهێنییانە بۆ میدیاکان نیشان دا.

