zagros news agency

بەرپرسێکی حەماس کوژرا

 

سوپای ئیسرائیل کوشتنی ‘حەکەم عیسا’ـی ڕاگەیاند، کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت.

یەکشەممە، 29-6- 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو لە بۆردوومانێکی گەڕەکی سەبرە لە غەززە، حەکەم عیسا، کوژراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بەرپرسی ناوەندی پشتیوانی و مەشق و ڕاهێنانی لیواکانی قەسام بووە.

تا ئێستا حەماس هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی کوشتنی حەکەم عیسا بڵاونەکردۆتەوە، کە میدیا ئیسرائیلییەکان و سوپای ئیسرائیل کوشتنی حەکەم عیسایان راگەیاندووە.

حەکەم عیسا دامەزرێنەری دیاری باڵی سەربازیی حەماس کە لیواکانی عزەددین قەسامە و بە نازناوی “ئەبو عومەر ئەلسوری” ناسراوە. لە ساڵی 2005 لە سووریا لەدایک بووە، شارەزایی خۆی گواستووەتەوە بۆ غەززە و لە بواری گەشەپێدان و ڕاهێنان لەناو ڕێکخراوەکەدا کاری کردووە.

حەکەم عیسا پۆستی جۆراوجۆری هەبووە، لەوانە بەرپرسی بەشی مەشق و ڕاهێنان، بەرپرسی مافی شەڕ و پشتیوانی کارگێڕی و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەربازی بزووتنەوەکە بووە.

لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە و زیاتر لە 189 هەزار فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانەکە بە کۆمەڵکوژی ناودەبات و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکات، بەڵام تەلئەڤیڤ پشتگوێی خستووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى سوودانى سه‌رپه‌رشتى كرد له‌گه‌ڵ توركیا بۆ به‌ردانه‌وه‌ى ئاو، جێبه‌جێ ناكرێت

سەڵاح

چین بە نیگەرانییەوە لە ڕەوشی سووریا و کوژرانی هاوڵاتیانی سڤیل دەڕوانێت

یاسین

له‌ سلێمانی ئاگر له‌ باڵاخانه‌یه‌ك كه‌وته‌وه‌

سەڵاح