ئەمڕۆ جیهانی سینەما یادی لەدایکبوونی یەکێک لە کاریگەرترین و گەورەترین ئەفسانەکانی مێژووی هۆلیوود دەکاتەوە، کە ئەویش ئەلفریدۆ جەیمس پاچینۆیە، ناسراو بە ئال پاچینۆ. پاچینۆ کە لە 25ـی نیسانی 1940 لە گەڕەکی ئیست هارلم لە نیویۆرک لەدایکبووە، توانیویەتی بۆ ماوەی پتر لە 5 دەیە بەردەوام لە لوتکەی نواندندا بمێنێتەوە و ناوی خۆی بە پیتە زێڕینەکان لە مێژووی هونەردا بنووسێتەوە.
ئەو هەنەرمەند تەنیا ئەکتەر نییە، بەڵکو بە قوتابخانەیەکی نواندن دادەنرێت، کە چەندین نەوەی دیکە لە ژێر کاریگەری ئەودا گەورە بوون.
ئال پاچینۆ لە خێزانێکی هەژار گەورە بوو و لە تەمەنی 17 ساڵیدا خوێندنی جێهێشت تاوەکو شوێن خەونەکەی بکەوێت. دایکی پاچینۆ ئاماژەی بەوە کردبوو، نواندن بۆ خەڵکی هەژار نییە، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی. بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، ئال پاچینۆ بەردەوام لە کارە نزمەکاندا کاری دەکرد، وەک گەیاندنی نامە، کارگوزاری و شۆردنی قاپ، تەنانەت لە هەندێک قۆناغدا بێماڵ و حاڵ بووە و لە شەقامەکاندا خەوتووە.
ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم سەختییانەی ژیان وای کرد پاچینۆ ببێتە ئەکتەرێکی خاوەن هەستی قووڵ و بتوانێت نواندنێکی ڕاستەقینە پێشکەش بکات.
سەرەتای درەوشانەوەی پاچینۆ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوو، کاتێک فرانسیس فۆرد کۆپۆلا بۆ ڕۆڵی مایکل کۆرلیۆنی لە فیلمی “The Godfather” لە ساڵی 1972 هەڵیبژارد.
هەرچەندە بەرپرسانی کۆمپانیاکە ناڕازی بوون، بەڵام ئال پاچینۆ بەو ڕۆڵە جیهانی سەرسام کرد و یەکەم پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەدەست هێنا.
لەو سەردەمەدا ئال پاچینۆ ئاماژەی بەوە کرد، ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێناوە کە هەندێک جار مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆی ئەستەم بووە. سەرکەوتنەکانی پاچینۆ بەردەوام بوون لە فیلمەکانی وەک “Serpico” و “Dog Day Afternoon” و “The Godfather Part II”، کە تێیاندا لوتکەی نواندنی بە شێوازی “مێتۆد” نیشانی جیهان دا.
پاچینۆ لە 1993ـدا توانی تەنیا خەڵاتی ئۆسکاری خۆی بۆ فیلمی “Scent of a Woman” بەدەست بهێنێت، دوای ئەوەی 8 جار پاڵێورابوو. ئەو یەکێکە لەو ئەکتەرە دەگمەنانەی کە “تاجی سێ لایەنەی نواندن”ـی بەدەست هێناوە، کە بریتین لە خەڵاتەکانی ئۆسکار، ئێمی و تۆنی. هەروەها فیلمەکانی لە سەرانسەری جیهاندا پتر لە 3 ملیار دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
ئال پاچینۆ ئاماژەی بەوە کرد، شانۆ چراکەیەتی و هەمیشە وەک ماڵی یەکەمی خۆی لێی ڕوانیوە، تەنانەت لە کاتی ناوبانگی سینەماییشدا، بەردەوام دەگەڕایەوە سەر تەختەی شانۆ بۆ ئەنجامدانی نمایشی نوێ.
کاریگەری ئال پاچینۆ تەنیا لە نواندندا نییە، بەڵکو لە کەسایەتی و کولتووری جیهانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. چەندین دەستەواژەی فیلمەکانی وەک “Keep your friends close, but your enemies closer” بوونەتە بەشێک لە فەرهەنگی خەڵک.
ئەکتەرە گەورەکانی وەک جۆنی دێپ، خاڤیێر باردێم و کیانو ڕیڤز ئاماژەیان بەوە کرد، پاچینۆ ئیلهامبەخشی سەرەکی ئەوان بووە بۆ چوونە ناو جیهانی نواندن.
هەروەها خاوەنی سەروەتێکی زۆرە کە بە 200 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، هەرچەندە بەردەوام بەوە ناسراوە کە پارەکانی لە کارە خێرخوازییەکان و پەرەپێدانی هونەردا خەرج دەکات.
لە 2024ـدا، پاچینۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناوی “Sonny Boy” بڵاوکردەوە، تێیدا باس لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی دەکات، لە منداڵییە سەختەکەی لە بڕۆنکس تاوەکو دەگاتە لوتکەی ناوبانگ. پاچینۆ لە تەمەنی 83 ساڵیدا بووە باوکی چوارەم منداڵی خۆی، ئەمەش جارێکی دیکە ناوی ئەوی هێنایەوە ناو سەردێڕی هەواڵەکان. سەرەڕای تەمەنەکەی، ئەو بەردەوام لە کارکردن نەوەستاوە و لە 2025 و 2026ـدا چەندین پڕۆژەی نوێی سینەمایی و ریکلامی گەورەی ئەنجام داوە، کە دەیسەلمێنن وزەی هونەری ئەو کۆتایی نایەت.
لە کۆتاییدا، ئال پاچینۆ وەک سیمبولێکی زیندووی سینەما دەمێنێتەوە. لە هەموو رێوڕەسمێکی جیهانیدا، کاتێک ناوی ئەو دەهێنرێت، هەمووان وەک ڕێزێک بۆ مێژووە پڕ لە شکۆکەی چەپڵەی بۆ لێ دەدەن.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد، نواندن بەشێکە لە سروشتی ئەو و هەرگیز بیر لە وازهێنان ناکاتەوە، چونکە هونەر تەنیا کارێک نییە بۆی، بەڵکو شێوازێکی ژیانە و بەردەوام لە ڕێگەیەوە ڕاستییەکان دەدۆزێتەوە. پاشماوەی هونەری پاچینۆ بەردەوام وەک قوتابخانەیەکی دەوڵەمەند بۆ نەوەکانی دیکە دەمێنێتەوە.

