بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لەسەر بڕیاریی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گۆڕینی ناوی شەقامی خالید ئیسلامبۆلی لە تاران، کە ئەو ئەفسەرە میسریە بوو دەستی لە کوشتنی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی میسر هەبووە، هات دەنگ.
لە یەکەم لێدوانی فەرمی میسر دەربارەی بڕیارەکەی ئێران، وەزیری دەرەوەی میسر پیشوازی لەو هەنگاوە کرد و بە هێمای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان و ئێران ناوی برد.
بەدر عەبدولعاتی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە دوو قؤڵیەکەیان لە ئاستی ناوچەکەدا ئەرێنییە، گوتیشی: بڕیارەکەی ئێران بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە.
جەختیشی کردەوە، “ئێمە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێران دەکەین بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکە کە بە ناوی بکوژی سەرۆک کۆماری میسر ئەنوەر سادات کرابوو، هیوادارین پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستیی دیپلۆماسی بگەڕێتەوە.”
وەزیری دەرەوەی میسر باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی میکانیزمێک بۆ ڕاوێژ لەگەڵ ئێران دەست پێ دەکات، لەگەڵ گفتوگۆکردن و کرانەوە لە کەرتی بازرگانی، ئابووری و گەشتیاریدا.
وەزیرەکە ئاماژەی بە “نیگەرانیەکان” سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە کرد، بەڵام جەختی کردەوە، کە پەیوەندییەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، گەشبینی دەربڕی بەرامبەر بە گەیشتن بە پێشکەوتنێکی هەمەلایەنەی دیپلۆماسی.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاری گۆڕینی ناوی شەقامی خالد ئیسلامبۆلییان ڕاگەیاند، کە دەکەوێتە ناوچەی 6ـی تاران کە بە “وەزیران” ناسراوە، بۆ ناوی حەسەن نەسروڵڵا، کە ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵای لوبنانی بوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.

