گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ڤێلاکانی ‘ئەلرواد’ لە ڕۆژئاوای دێرەزوور دۆزرایەوە.
لە کاتی پشکنینی گۆڕستانەکەدا، غەسان سەید ئەحمەد، پارێزگاری دێرەزوور، داوای لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد بەدواداچوونی پێویست بکەن و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیش سەرپەرشتی هەڵدانەوەی تەرمەکان بکات و بەدواداچوون بۆ ناسنامەکانیان بکات.
ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرگری شارستانی بڵاویکردەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن ئاسایشی تاوانی پارێزگای دێرەزوور و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوە دۆزراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ڕاگەیاندنی دۆزینەوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی چوونەتە شوێنەکە و هەموو ڕێکارە پێویستیەکانیان گرتووتەبەر و کارەکانی هەڵدانەوە و پشکنین بەردەوامە.
ئەو سەرچاوەیە پێشبینی بوونی گۆڕ و تەرمی دیکەی لە هەمان ناوچەدا کردووە بەهۆی نزیکیی لە خاڵە ئەمنییەکانی سەر بە هێزەکانی ڕێژیمی پێشوو کە ماوەی 14 ساڵە دانیشتوانی ناوچەکەی دەستبەسەر کردووە و دواتر کوشتوونی و تەرمەکانیانی شاردۆتەوە.
خەڵکی دێرەزوور بە دەستی هێزەکانی ڕژێمی پێشوو کۆمەڵکوژ کراون، تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردراوەتەوە، چ لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و چ لە جەرگەی پارێزگاکەدا، هەروەها پێدەچێت دەیان گۆڕی لەو جۆرە لە دێرەزوور هەبن.

