ئانجیلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، دژایەتیی خۆی بەرانبەر بەو سیاسەتەی کۆچ دەربڕی لە ئێستادا لە سنوورەکانی ئەڵمانیا و لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی پەناخوازان پەیڕەو دەکرێت.
مێرکڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی WDRی ئەڵمانیایی گوتی: «ئەگەر کەسێک لە سنووری ئەڵمانیا بڵێت ‘پەنابەری’، دەبێت ڕێکارەکانی تاوتوێکردنی داواکارییەکەی بۆ دەست پێ بکرێت.»
ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە تێگەیشتنی ئەو لە پرۆسەی یاسایی ئەورووپا بەو شێوەیەیە و گوتیشی: «ئەم کارە دەکرێت ڕاستەوخۆ لەسەر سنووریش ئەنجام بدرێت.»
وا دەردەکەوێت بۆچوونەکانی مێرکڵ لەگەڵ شێوازی کاری ئێستای وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ناکۆکە، کە لەلایەن یەکێتیی پارتە مەسیحییەکانەوە (CDU/CSU) بەڕێوە دەبرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، مێرکڵ لە چاوپێکەوتنەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە هاوڕایە لەگەڵ ئامانجەکانی وەک سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی.

