لە پارێزگای هەڵەبجە چەند بڕیارێك بۆ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل دەركران و جەخت كراوەتەوە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە چەند بڕیارێکی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل دەركرد.
ئاماژە بەوە دراوە: “سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تاوەکوو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە دەبێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم ڕێنوێنییەكانییەکانی هاتوچۆ بن.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان ڕەشە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نیە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.”
سەبارەت بە ماتۆڕسكیل، لێژنەی ئەمنی ئاشكرای كردووە “سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نیە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.”
جەخت كراوەتەوە: “ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.”
داوا لە سەرجەم دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هەر چوار ناحیەکەوە كراوە: “ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.”

