عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لێدوانەکانی کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپای بە دژ بە بەندەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) لە قەڵەم دا، کە داوای کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی کردبوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئەم پەیماننامەیە “مافی هەموو وڵاتانی ئەندام بۆ پەرەپێدان، توێژینەوە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە پشتڕاست دەکاتەوە.”
کالاس ڕۆژێک پێشتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیبووی، دەبێت دانوستانەکان لەبارەی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەرچی زووە دەست پێ بکات و ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەست پێ بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەی ئەم لێدوانەدا نووسیویەتی، ئەگەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی NPTدا پشتگوێ بخرێت، بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و خودی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) هیچ “بایەخێکیان” نامێنێت و لە ئەنجامدا، میکانیزمی ناسراو بە “پەلەپیتکە”ش “بنبەست و بێ بنەما” دەبێت.
بە گوتەی عێراقچی، “بەشداریکردن و ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەندام و هەروەها بەریتانیا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا، ناپەیوەست و لە ئەنجامدا بێمانا دەبێت.”
کاردانەوەکەی عێراقچی هاوکاتە لەگەڵ هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. لە دوای ئەم بڕیارە، ئیسرائیل داوای کاراکردنی میکانیزمی پەلەپیتکە و گەڕاندنەوەی سزاکانی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران کرد.
زۆربەی وڵاتان ئەم هەنگاوەی کۆماری ئیسلامییان سەرکۆنە کرد. حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیارەکەی ئێرانی بە “پەیامێکی کارەساتبار” ناو برد. مارتن گیزە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، پێویستە ئێران هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسدا بکات.

