سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی “عەیروونیە” لە تەرابلوسی باکووری لوبنان ئەنجام دا، کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس. ئەمە یەکەم هێرشی ئیسرائیلـە بۆ سەر باکووری لوبنان لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵادا.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە، ٨ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکە لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژی “توخمە هەڕەشەئامێزەکان” ئەنجام دراوە و دواتر ناسنامەی کەسە کوژراوەکەی ئاشکرا کرد، کە “میهران بەعجور”ـە و وەک یەکێک لە فەرماندە دیارەکان و دامەزرێنەرانی هێزی سەربازیی حەماس ناسێندراوە.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی سێ کەسی دیکەی لە ئەنجامی هێرشەکەدا پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان هەیە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو ئەندامی حزبوڵڵای لە دوو هێرشی جیادا لە باشووری لوبنان ڕاگەیاندبوو. بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی “عەلی عەبدولحەسەن حەیدەر” بووە و یەکێک بووە لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا کە سەرپەرشتیی دروستکردنەوەی ژێرخانی ئەو گرووپەی لە باشووری لوبنان کردووە.
پێشتر سەرچاوەکانی کەناڵی “عەرەبییە” بڵاویان کردەوە، چەکدارانی حزبوڵڵا لە هەموو میحوەرەکاندا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بەپێی هەمان سەرچاوە، “ژمارەیەکی زۆر لە خێزانی کادیرانی حزبوڵڵا باشووری لوبنانیان بەرەو بەیرووت جێهێشتووە و زۆربەی فەرماندەکانیش بەکارهێنانی مۆبایلیان ڕاگرتووە.”
هەروەها لە ئەگەری هێرشی زیاتری ئیسرائیلدا، حزبوڵڵا ژمارەیەک لە بنکەکانی خۆی لە چەندین ناوچەی لوبنان چۆڵ کردووە.

