وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە، پڕۆژەی ڕووناكی (كارەبای 24 كاتژمێری) گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن كەس كە دەكاتە نزیكەی 30%ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/7/2025، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پڕۆژەی ڕووناكی گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن كەس كە دەكاتە نزیكەی 30%ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆش، زۆربەی خەڵك لەسەر ئاستی شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەستیان بە كارەبای 24 كاتژمێری دەگات، فراوانبوونەكەش هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە، ئەم دەستكەوتەش هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەكی پاكتر لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، ئێستا لە هەموو هەرێمی كوردستان 2 هەزار و 107 مۆلیدە كوژێندراونەتەوە كە لە ڕووی دوانەئۆكسیدی كاربۆنەوە، هاوتای 364 هەزار و 511 ئۆتۆمبێلە.
پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، تا كۆتایی ساڵی 2026، زياتر لە 7 هەزار مۆلیدە بكوژێندرێنەوە و ژینگەی هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تاوەكوو كۆتایی ساڵی 2026، لە 14ی ئایاری ئەمساڵیش، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.
تا كۆتایی ساڵی 2025، سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە كارەبای 24 كاتژمێرییان پێ دەگات.


