لەژێر ناونیشانی (میلیشیا چەکدارەکان، شێرپەنجەی عێراقی نوێ) نووسەری دیاری عێراقی، (د. خالید قهرهغولی) دهنووسێت، پرسی میلیشیاکان لە عێراق یەکێکە لەو پرسانهى کە سێبەری تاریکی خۆی خستۆتە سەر ژیانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ، تەنانەت لەسەر لایەنی وەرزش و ڕۆشنبیری و هونەری وڵاتەکەش، بۆیه ئهوان وهكوشێرپهنجهن له عێراقی نوێدا.
لەو وتارەدا کە ماڵپەڕی (صوت العراق) بڵاویکردووەتەوە، (د. خالید قهرهغولی) نووسیویەتی: “عێراق کە بڕیار بوو دوای ساڵی (2003) بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان هەنگاو بنێت، ئێستا بووهتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ چەکی نایاسایی. لەجێی چەمکی یاسا و دەوڵەت، میلیشیاکان بوونە حاکمی ڕاستەقینە.”
هەروەها نووسیویەتی:” سەرهەڵدانی داعش تەنیا دەرئەنجامێکی سروشتی ئەو ئاژاوەگێڕییە نەبوو کە بەهۆیەوە ئەو گرووپانە دروست بوون، بەڵکوو بووە بیانووی سەرهەڵدان و فراوانبوونیان. ئەوەی دۆخەکە هێندەیتر کارەساتبار دەکات ئەوەیە کە میلیشیاکان خۆیان ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە دروستکردنی ئەو هەلومەرجەدا کردووە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە. (لاوازکردنی دەوڵەت، تایفەگەریی سیاسی و گەندەڵی) هەموو ئەو هۆکارانەن کە بوونە هۆی ڕادهستكردنى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق بە داعش، لە دیمەنێکدا کە بە ئاسانی لە یادەوەری گشتییدا ناسڕدرێتەوە.”
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەدا، ئەو ئەکادیمییە عێراقییە نووسیویەتی:” فاکت و بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک دەستە و گرووپی میلیشیایی تەنانەت پێش لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا بوونیان هەبووە، هەندێکی دیکەشیان لە دامێنی ئەو ئاژاوە و داڕمانەوە لەدایک بوون کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو هاتبوونە ئاراوە، ئەم گرووپانە توانای دارایی و مرۆیی زەبەلاحیان هەیە، زۆربەیان بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش وای لێکردن هێزی هاوتەریب بن و تەنانەت دەسەڵاتیان لە دەوڵەتیش باڵاتربێت!”
د. خالید قهرهغولی، هەروەها دهنووسێت:”ئەمڕۆ، عێراقییەکان لە ژێر هەڕەشەی ڕۆژانەی ئەم باندە چەکدارانەدا دەژین، کە بە زۆر خۆیان سەپاندووە و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان کۆنترۆڵکردووە، ههروهها دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرتووە و هەموو هەوڵێکیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینە تێکداوە. هەندێک پارت بوونەتە میلیشیا و هێزە سیاسییەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانیان و بەکارهێنانیان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەڵبژاردن و دارایی، دوور لە هەر پابەندبوونێکی نیشتمانی یان پرەنسیپی سیاسی.”
ئەو ئەکادیمییە عێراقییە، دهشلێت:” لەسایەی سیستەمی میلیشیا و تایەفەگەریدا، دەوڵەت گۆڕاوە بۆ غەنیمەت، لەم کەشوهەوایەدا دەوڵەت وەک چەمکێک بوونی نەماوە، بەڵکوو دەسەڵاتی نایاسایی و نافەرمی جێی گرتووەتەوە (میلیشیا یان عەشیرەت) مومارەسەی دەسەڵاتەکانی ژیان و مردن دەکەن، ئەمانە هێزی خۆیان لە پارە و چەکەوە وەرگرتووە نەک لە ڕێکاری دیموکراسیی و یاسایی.”
هەروەها نووسیویەتی:”ململانێی ئەمڕۆی عێراق تەنها لە نێوان دەوڵەت و نادەوڵەتیدا نییە، بەڵکو لەنێوان ئەو کەسانەدایە کە عێراقێکی نیشتمانی و مەدەنییان دەوێت و ئەوانەی پێداگرن لەسەر بارمتەگرتنی عێراق بۆ میلیشیا و چەک و دڵسۆزی دەرەکی.”

