سوپای سووریا ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و لەسەر داوای ئەمریکا، لە شاری سوەیدای درووزنشین لە باشووری ئەو وڵاتە دەستی بە کشانەوە کردووە. هاوکات، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی سووریا، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، پاراستنی کەمینەی درووز و مافەکانیان لە ئەولەوییەتی حکوومەتەکەیدایە.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بۆ پشتیوانیکردن لە کەمینەی درووز لە بەرانبەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و تا لەناوچوونی تەواوی ئەو هێزانەی هێرشیان کردووەتە سەر ئەم کەمینەیە، درێژە بە هێرشەکانی دەدات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی سووریا، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی تەممووز، لە یەکەم گوتاریدا دوای هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، ڕووی لە هاووڵاتییانی درووز کرد و گوتی: “ئێمە هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی ئێوە بۆ باوەشی هێزێکی دەرەکی ڕەت دەکەینەوە.”
شەرع هەروەها گوتی: “ئێمە لە شەڕ ناترسین. تەمەنی خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بەرگریکردن لە گەلەکەمان بەسەر بردووە، بەڵام بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا لە ئاژاوە و وێرانی بەلاوە پەسەندترە.” ناوبراو جەختیشی کردەوە، گەلی سووریا ئەگەر هەست بکات کەرامەتی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەی شەڕ دەبێت.
ئەمریکا، کە هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیلـە و لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ سووریادا، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێک بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە کراوە و داوای لە “هەموو لایەنەکان کرد پابەندی بەڵێنەکانیان بن.”
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “سوپای سووریا بەمەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە و دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی شارەکە لە گرووپە نایاساییەکان، دەستی بە کشانەوە لە شاری سوەیدا کردووە.”
بەپێی ڕاپۆرتی شایەتحاڵان، سەرەڕای ئاگربەست، هێزەکانی حکوومەت بە هاوکاریی هۆزە بیابانییەکان هێرشی خوێناوییان کردووەتە سەر چەکدار و هاووڵاتییانی مەدەنیی درووز لە سوەیدا. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، هێزەکانی حکوومەتی سووریا ٢٧ هاووڵاتیی مەدەنیی درووزییان لە “سێدارەدانی مەیدانی”دا کوشتووە و لانیکەم ١٥ ئەندامی هێزەکانی حکوومەتیش لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
ئەحمەد شەرع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە سوورین لەسەر لێپرسینەوە لەوانەی ستەمیان لە درووزییەکان کردووە. درووزییەکان لەژێر پاراستن و بەرپرسیارێتیی حکوومەت دان.”
هەواڵی پێشوو

