وەزارەتی گەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سکاڵانامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گەیاندنی (ITU) کردووە، بە فەرمی سکاڵای خۆی لە دژی کارکردنی بێمۆڵەتی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ماڵپەڕی “دیدەبانی ئێران” لەمبارەیەوە نووسیویەتی: “ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە ڕێگەی بەدواداچوونێکی تەکنیکی و یاساییەوە داوای لە یەکێتیی جیهانیی گەیاندن کردووە، سپەیس ئێکس ڕێز لە مافە خاکی و سەروەرییەکەی ئێران بگرێت. بەپێی ئەو ڕێسا نێودەوڵەتییانە، کۆمپانیای پێشکەشکاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد پێویستە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە خاکی ئێراندا، سەرەتا مۆڵەت لە کۆماری ئیسلامی وەربگرێت و پابەندی یاساکانی ئەو وڵاتە بێت.”
دیدەبانی ئێران دەڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران، “لۆبییە” ئیسرائیلییەکان داوایان لە ئیلۆن مەسک کردووە خزمەتگوزارییەکانی لە ئێران بەهێزتر بکات و ئەویش وەڵامی ئەرێنیی داوەتەوە.

