ڕاپۆرتەکان لە ئێرانەوە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی گەرماوە، دابینکردنی ئاو و کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا تێکچووە و ئاستی ئاوی بەنداوەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە سەدەی ڕابردوودا.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامی لە زاری بەڕێوەبەرانی کەشناسییەوە بڵاوی کردەوە، لانیکەم ١٨ پارێزگا لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران، لەنێویاندا تاران، پایتەخت، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی گەرماکەوە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی پێنجشەممەوە وردە وردە پلەکانی گەرما داببەزن.
حکوومەتی ئێران بۆ ڕۆژی چوارشەممە دەوامی فەرمانگەکانی لە لانیکەم ١٠ پارێزگادا، بە پایتەختیشەوە، ڕاگرت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کارەبا، چونکە پلەکانی گەرما لە بەشێک لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران ٥٠ پلەی سیلیزیی تێپەڕاندووە.
ئەم شەپۆلی گەرمایە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین لە ئێران و بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دابینکردنی ئاوی پارێزگای تاران، گەرمترین پلەی گەرما لە ٦٠ ساڵی ڕابردووی پایتەختدا تۆمار کراوە.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، وشکەساڵی بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دابینکەری ئاوی تاران بۆ «نزمترین ئاستی لە ماوەی سەدەیەکدا» دابەزێت، و داوای لە خەڵک کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پچڕانی بەردەوامی ئاو، تانکی و پەمپی ئاو بەکاربهێنن. زۆرێک لە دانیشتووانی تاران باسیان لە پچڕانی چەند کاتژمێریی ئاو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردووە.
پێشتر مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریی دابوو: «قەیرانی ئاو لەوە جیددیترە کە باسی لێوە دەکرێت.» ئەو جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، وڵاتەکەیان «لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە کە هیچ چارەسەرێکی بۆ نادۆزرێتەوە.»
بە گوتەی پزیشکیان، «هەنگاوەکانی وەک گواستنەوەی ئاو لە شوێنەکانی دیکەوە بۆ تاران، کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ناکەن.»
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

