شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و بڵاوبوونەوەی برسیەتی و بێئاوی، کاریگەریی لەسەر توانا و کارکردنی ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی غەززە کردووە، کە وای لێهاتووە ناتوانن ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئاژانسی فرانس پرێس، کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن دەڵێن: “برسیەتی زۆر و کەمبوونەوەی ئاوی پاک، بووەتە هۆی نەخۆشی و ماندووبوون، بۆیە هەندێکیانی ناچار کردووە چالاکییە ڕۆژنامەنووسیەکانیان کەم بکەنەوە.”
بەشار تالب تەمەن 35 ساڵ، یەکێکە لەو فۆتۆگرافەرانەی ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: “هیچ وزەیەکمان نییە، چەند جارێک ناچار بووم کارەکانم بوەستێنم تەنیا بۆ ئەوەی خواردن بۆ خێزانەکەم بدۆزمەوە”، دەشڵێت، “بۆ یەکەمجارە هەست بە تێکچوونی تەواوەتی دۆخی دەروونی دەکەم، لە هەموو دەرگایەکم داوە بۆ ئەوەی خێزانەکەم لە برسیەتی و ئاوارەبوون و ترسی بەردەوام ڕزگار بکەم، بەڵام بێ سوود بووە.”
ڕۆژنامەنووس عومەر قیتاع ڕایگەیاند، “ناتوانین بگەینە شوێنەکانی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، چونکە وزەمان نەماوە، من ماندوو بووم لە هەڵگرتنی کامێرا و ڕۆیشتن بۆ مەودای دوور.”
ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە ناوی خدر زەعنون، جەختی کردەوە، بەهۆی برسیەتی و تینوێتی چەندین جار بێهۆش بووە، هەروەها نزیکەی 30 کیلۆ لە کێشی دابەزیووە، دەشڵێت “بەراورد بە پێش جەنگ بوومەتە ئێسکەپەیکەر، بەهۆی ماندوێتی جەستەیی و دەروونییەوە توانای کارکردنم لەدەستداوە، هەروەها خراپترین شت ئازاری خێزانەکەمە، بەتایبەتی منداڵەکان و دایک و خوشکە نەخۆشەکەم، دەبینم لەبەردەممدا ڕووخاون.
ئەیاد بابا، فۆتۆگرافەرە و ڕوونیدەکاتەوە، ناتوانم بەرگەی برسیەتی خێزانەکەم بگرم، کارکردنی ڕۆژنامەنووسی لە غەززە کارکردنە لە ژێر لوولەی تفەنگ، بەڵام ئازاری برسیەتی توندتر و بە ئازارترە لە ترسی بۆردومان.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل “خۆراک وەک چەک” لە غەززە بەکار دەهێنێت، ئەمەش تاوانی جەنگە، بۆیە داوای لە ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان کرد هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی بەربڵاو، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەڵێت: ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بچنە ناو کەرتی غەززە، بەڵام حەماس تۆمەتبار دەکات بە تاڵانکردن و فرۆشتنی بە نرخێکی زۆر.
شایەتحاڵان و بەرگریی شارستانی لە غەززە چەندین جار هێزەکانی ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە تەقەیان لەو فەڵەستینیانە کردووە کە چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکانیان دەکەن، هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە هەزار کەس لە کاتی وەرگرتنی خۆراک کوژراون.

