مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقی سعودی ئەنجامی داوە و بڵاو دەکرێتەوە، دەڵێت، هەرێمی کوردستان کە نیمچە سەربەخۆیە دەزانێت کێ لە پشت هێرشە درۆنیەکان بووە کە کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.
زیاتر گوتی، ئەو هێرشە درۆنیانە هاوکاتبوون لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم، هەروەها ئەمریکا هاوپەیمانە، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان زانیاری هەواڵگری هاوبەشی پێدەکەین
روونیکردەوە، بەشێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
ئاشکرای کرد کە زۆر جێگای داخە کە مووچەی خەڵک بووەتە موزایەدەی سیاسی و خاڵی ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها بەپێی یاسا و بەپێی دەستوور مافی خەڵکە مووچەی خۆی وەربگرێت بەبێ دواکەوتن و بەبێ هیچ کێشەیەک
لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت، بەکارهێنانی مووچەی خەڵکی کوردستان وەک فشاری سیاسی قبوڵکراو نییە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستوەردان لە وردەکارییەکانی مووچە و بودجەی هەرێم دەکات کە پێشێلکردنی دەستوورە، لە ئێستادا چارەسەر ئەوەیە کە لە یاسای بودجەی داهاتوودا لەسەر بودجەیەک بۆ کوردستان ڕێکبکەون.
لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکە رای دەگەیەنێت، پێشوازی لە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و (پـ.ەـ.کـ.ەـ.کـ.ە) دەکەین.
ئاماژەی بەوەکرد، کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بپارێزێت.
لەبارەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا سەرۆکی حکوومەت دەڵێت، بەغدا هەموو کارتێکی فشار بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێم بەکاردەهێنێت بۆیە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا، ئیرادەی سیاسییە.
لەبارەی مادەی 140ی دەستوور سەرۆکی حکوومەت دەڵێت، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ سەبارەت بە کەرکوک.
لە چاوپێکەوتنەکە دەڵێت، هیوادارین بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێم بە سەرکەوتن بۆ هەموو عێراق بزانێت.
لەبارەی دۆخی سوریا گوتی، پێویستە حکومەتی سوریا دەرگا بەڕووی کورددا بکاتەوە و بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچێت، چونکە هەر ناسەقامگیریەک لە ناوچەکەدا کاردانەوەی نەرێنی لەسەر هەموو لایەک دەبێت.
دەشڵێت، ئێمە بەشێک نین لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و پشتیوانی هیچ شەڕێک ناکەین، بۆیە هیوادارین سەردەمێکی نوێی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست ببێت، هەروەها کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران دەگرێت و ئێمە نابینە سەرچاوەی مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ
لە کۆتایی قسەکانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات هاوکاری بەغدا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

