حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كابینەی نۆیەمدا وێرای دروستكردنی 8 بەنداو،23 پۆند دروست کراون و 58 پۆندی دیکەش لە دروستکردندان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە: “لە کابینەی نۆیەمدا 8 بەنداو دروست کراون و چەندین بەنداوی تر لە دروستکردندان، کە دەتوانن زیاتر لە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بدەنەوە”.
ئاماژە بەوەش دراوە : “جگە لە بەنداوەکان، 23 پۆند دروست کراون و 58 پۆندی دیکەش لە دروستکردندان.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “چەندین پرۆژەی گرنگ بۆ دابینکردنی ئاوی پاک جێبەجێ دەکرێن، ئەو پڕۆژانەش بۆ دەیان ساڵ کێشەی ئاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنبڕ دەکەن كە گرنگترینیان پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێرە”.
جەختی كردووەتەوە: “جگە لەوەی پۆند و بەنداوەکان ئاو گل دەدەنەوە و بۆ پاراوكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی سوودیان دەبێ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری و گەشتیاری و چەندین بواری تر سوود بە كوردستان دەگەیەنن”.
بەشێك لە دیدگای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئاسایشی ئاوە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەرەڕای قەیرانەکانی کۆڕۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، نەناردنی بەشەبودجە، بەڵام لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی نەوەستا.
رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەنداوی گۆمەسپانی كردەوە و رایگەیاند: “ئەم بەنداوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی لە ناوچەكە و فێنکبوونی گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاریی لەدەوروبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن.”
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: “ئەم بەنداوانە هاوكارییەكی زۆری جووتیارانمان دەكەن لە ڕووی كشتوكاڵییەوە دەتوانرێ سوودمەند بێت، بۆ ئاوی ژێرزەوی دەكرێ زۆر سوودمەند بێ كە ئاوی ژێرزەوی زیاد بكاتەوە، ئێمە بەرنامەیەكی زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە كە ئەویش ئێستا خەریكی دروستكردن و تەواوكردنی ماستەرپلانەكەین، هیوادارین خوا دەرفەتمان پێ بدا و بتوانین بەردەوام بین لەم ئەركە و باشتركردنی دۆخی گشتیی ناوچەكە، بە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە.”

