zagros news agency

ئێران؛ قەیرانی وزە و ئاو فەرمانگەکانی چەندین پارێزگای داخست

 

بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی وزە و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی بەنداوەکان لە ئێران، ئەم هەفتەیەش هاوشێوەی هەفتەکانی ڕابردوو، فەرمانگە حکوومییەکان لە چەندین پارێزگا دادەخرێن. پچڕانی بەردەوامی کارەبا و بڕینی ئاو لە ناوچە جیاوازەکان، وای کردووە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە چەندین پارێزگا بکرێنە پشووی فەرمی.

بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، بانکەکان، فەرمانگەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان لە پارێزگاکانی ئەردەبێڵ و گوڵستان ڕۆژی سێشەممە دادەخرێن و هەمان ڕێکار ڕۆژی چوارشەممە لە پارێزگای ئیسفەهانیش جێبەجێ دەکرێت. هاوکات، فەرمانگە حکوومییەکانی پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ، خووزستان و یەزد بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، سێشەممە و چوارشەممە، دادەخرێن.

 

بڕیاری ناکۆک و نیگەرانی لە خراپ بەڕێوەبردن

هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارانە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەوڵدانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا. شرۆڤەکاران و تەنانەت سەرۆککۆماری ئێرانیش، هۆکاری ئەم قەیرانە بۆ شێوازی هەڵەی بەڕێوەبردن و پەرەنەپێدانی ژێرخانەکان لە ساڵانی ڕابردوودا دەگەڕێننەوە.

جگە لە قەیرانی وزە، داتاکان دەریدەخەن کە هەوای شارەکانی دزفول و مەسجد سولەیمان لە پارێزگای خووزستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەوای ١٢ شاری دیکەی پارێزگاکەش بە “زۆر پیس” و “ناتەندروست” ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژنامەی “دنیای اقتصاد”ی ئێرانی ڕەخنەی لەم دۆخە گرتووە و نووسیویەتی، نیگەرانییەکی جددی لە بەردەوامیی قەیرانی وزە، بێپلانی و دەرکردنی بڕیاری ناکۆک لە ئارادایە. ڕۆژنامەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا هەر پارێزگایەک بڕیاری خۆی بدات و بڕیارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ چارەسەری کێشەکە نەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٩١ جار هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

یاسین

کتێبخانە و ئەرشیفى نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسى به‌ ئه‌زموون و دیارى کورد و شاری هەولێر “ممتاز حەیدەرى” کرایەوە

یاسین

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بادلیان و دێلزیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە

یاسین