زیاتر لە هەزار ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی گەورەدان لە دارستانەکانی باشووری فەڕەنسا، کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس و بێسەروشوێنبوونی کەسێکی دیکە.
زیاتر لە هەزار ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی بەرفراوان کە دارستانەکانی باشووری فەڕەنسای گرتووەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئاگرکەوتنەوەکە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (٥ی ئاب) لە ناوچەی “ڕیبووت” دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ هێکتار زەویی گرتووەتەوە. کۆلۆنێل ئەلێکساندەر ژوسارد، لە ڕێکخراوی پاراستنی هاووڵاتییان، بە کەناڵێکی ناوخۆیی ڕاگەیاندووە، بەهۆی بەهێزیی باوە، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی کردووە و ڕووبەرەکەی بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ هێکتار زیاد بووە.
لوسی ڕۆش، جێگری پارێزگاری ناوچەی “ئۆد”، ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا دوو کەس بریندار بوون و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە. ناوبراو گوتیشی، چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون چۆڵ کراون و ڕێگەوبانەکانیش داخراون.

