محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، ڕاگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی عێراق دەکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاری وزەی نێوان هەردوو وڵات.
محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا بە کەناڵی ‘ئەخباریەی سووریا’ـی ڕایگەیاند، بەم نزیکانە سەردانی عێراق دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە نەوتییەی کە کێڵگەی نەوتی کەرکووک بە بەندەری بانیاسەوە دەبەستێتەوە، بە ئامانجی گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی حمس و بانیاس، یان بۆ هەناردەکردنەوەی ڕاستەوخۆ.
گوتیشی: کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرانسەری سووریا دەگاتە نێوان 8 بۆ 10 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، ئەمەش زیادبوونێکە کە وڵاتەکەی دەیان ساڵە بە خۆیەوە نەیبینیوە.
محەممەد بەشیر ئاشکراشی کرد، لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەورە دەکەن کە سەرپەرشتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە سووریا دەکات، بەڵام دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانە ماوەیەکی دەوێت و وردە وردە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی ئەو بۆرییە غازەی دەچێتە تورکیا نۆژەن بکاتەوە، هاوکات هاوکاریشیان لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ چاککردنەوەی تۆڕی کارەبا کە دەیبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێ.
وەزیری وزەی سووریا، دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نوێی نەوتی ڕاگەیاند، بە ئامانجی ئەوەی سووریا لە هاوردەکارەوە بکاتە هەناردەکاری پێکهاتەکانی نەوت بۆ دەرەوە.

