کۆمیسیۆنی “هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” لە پەرلەمانی تورکیا، دوێنێ سێشەممە سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و بڕیارە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ئاب جارێکی دیکە کۆببێتەوە.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، کۆمیسیۆنەکە بڕیاری داوە لە چوارەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی “دایکانی ئاشتی” و بنەماڵەی ئەو سەربازانەی لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیانیان لەدەست داوە، کۆببێتەوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا، ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت.
ئەرکی سەرەکیی کۆمیسیۆنەکە بریتییە لە دابینکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و کارکردن بۆ هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاساکان، بەتایبەتی بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ پرسی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە.

