zagros news agency

لە 2003وە تا ئێستا 1459 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە

 

توێژەرێكی سیاسی ئاشكرای دەكات كە لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە تاوەكوو ئێستا، ترلیۆنێك و 459 ملیار دۆلار لە عێراقدا دزراوە كە دەكاتە مووچەی زیاتر لە 600 مانگی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

سۆران سێوكانی، توێژەری سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، لە دوای ساڵی 2003 تاوەكوو 2025، نزیكەی ترلیۆنێك و 450 ملیار دۆلار لە عێراق دزراوە.

روونیشی كردووەتەوە كە ئەو بڕە پارەیەی كە دزراوە، زیاترە لە مووچەی 600 مانگی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

جەختیشی كردووەتەوە كە ئەو بڕە پارەیەی دزراوە، تەنیا پارەی كاشە، بەبێ هەژماركردنی ئەو پارەیەی بۆ پرۆژە و كەسانی وەهمی و بندیوار و ..هتد رۆشتووە.

پێشتر لە مانگی نیسانی 2024، ماڵپەڕی (OCCRP) كە ماڵپەڕی (پرۆژەی ئاشكراكردنی تاوانەكانی رێكخراو و گەندەڵی – Organized Crime and Corruption Reporting Project)یە، لە زاری بەرهەم ساڵح، سەركۆماری پێشووی عێراقەوە بڵاوی كردبووەوە كە لە دوای 2003وە بڕی 150 ملیار دۆلاری عێراق بەقاچاخ بردراوەتە دەرەوەی وڵاتەكە لە ئەنجامی گرێبەستەكانی گەندەڵییەوە.

هەمان ماڵپەڕ لە مانگی 10ی 2018 لە زاری رەحیم دەراجی، ئەندامی لێژنەی شەفافیەتی حكوومەتی فیدرالییەوە رای گەیاندبوو كە لە ساڵی 2003وە بڕی 320 ملیار دۆلار لە عێراق دیار نەماوە و كەس چارەنووسی نازانێت، هۆكارەكەشی گرێبەستە زەبەلاحەكانی گەندەڵییە.

هەروەك عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقیش لە پرێس كۆنفرانسێكدا ساڵی 2015دا رای گەیاند: ”سەرجەم بودجەكانی عێراق لە ساڵی 2003وە تا ئێستا گەیشتووەتە 850 ملیار دۆلار، زیاتر لە 450 ملیار دۆلارمان بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەست داوە، بەبێ ئەوەی بزانین ئەو پارەیە بۆ كوێ چووە.“ ئەمەش دەریدەخات كە زیاتر لە نیوەی هەموو ئەو پارەیەی هاتووەتە عێراق، دزراوە.

لە لایەكی دیكەوە، ماڵپەڕی (المجلة) لە راپۆرتێكدا كە لە ساڵی 2022 بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبڵاندنێكی (پەیمانگەی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی) كردووە كە تێیدا ئەوە ئاشكرا كراوە، گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان و هەژموونی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەسەر ئابووریی عێراق، بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە لە ساڵی 2003وە بڕی 600 ملیار دۆلار لەدەست بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌شێكی دیكه‌ی بارمه‌ته‌كانی ئیسرائیلی رادەست کرانه‌وه‌

سەڵاح

بەغدا لە تاواندا دووەم مەترسیدارترین شاری عەرەبییە

سەڵاح

پەیاما پیرۆزباھیا سەرۆک بارزانی بۆ جەژنا جەمایێ یا خوشک و برایێن ئێزدی

دڵشاد