قەیرانی ئاو لە باکووری ئەفغانستان وایکردووە جووتیاران زەویەکانیان بەجێبهێڵن، کە بەهۆی وشکەساڵی زەویەکانیان بێ بەرهەم بوون.
جووتیارێک بەناوی مەعروف بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: “کاتێک منداڵت هەیە و بەرپرسیاریت لە دابینکردنی پێداویستیەکانیان، ئەگەر لەم وێرانەدا بمێنیتەوە چی دەکەیت؟”.
ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی دراوسێکانی و خەڵکی گوندەکەیان لە “تینوێتی و برسێتی” کۆچیان کردووە و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
ڕەسووڵی تەمەن 64 ساڵ بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، “هەموو شتێک بەندە بە ئاوەوە، کەمئاوی کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەناو دەبات و دارەکانیش وشک دەبنەوە.”
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا، لافاو و وشکەساڵی و کارەساتەکانی دیکەی ژینگەیی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن، بووەتە هۆی سەرەکی ئاوارەبوون لەو وڵاتە.
مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە، تا سەرەتای ساڵی 2025، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر پێنج ملیۆن هاووڵاتی ئەفغانی هەبووە، هەروەها نزیکەی 400 هەزارکەسی ئاوارە بوون.
زۆربەی ئەفغانییەکان لە خانووی قوڕدا دەژین و زۆر پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستن، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا زیانێکی زۆری بە ئاوی ئەو وڵاتە گەیاندووە، بۆیە لە ماوەی چوار ساڵدا چوارەمجار ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند و لافاو دەبێتەوە.
هەروەها ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە، “شکستهێنانی بەرهەم، وشکبوونی لەوەڕگاکان و کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاو، کۆمەڵگا گوندنشینەکانی ناچار بە کۆچکردن کردووە.”
ڕوونیکردەوە “ئێستا ئەستەم بووە خێزانەکان بەرهەم بچێنن بۆ ئەوەی داهاتێک بەدەستبهێنن، یان لەو شوێنەی کە دەژین بمێننەوە”.

