وەزارەتی سەرچاوه ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، 70%ی سەرچاوەی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە دێت و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر قەبارەی ئەم هەبووە.
خالد شەماڵ، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوه ئاوییەکانی عێراق راگەیاند: “جیاوازی دۆخی ئێستای ئاوی عێراق و 40 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە بۆ بەنداوەکانی تورکیا کە نزیکەی 90 ملیار مەتر سێجا ئاوی دیجلە و فوراتیان گل داوەتەوه. پێشتر بەشێک لەو ئاوە دەڕژایە ناو عێراقەوە، هەروەها ئاستی ئاو و عەمبارکردنی باش بوو بەڵام ئێستا دەڕژێتە ناو بەنداوەکانی تورکیا کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا دروستکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە هۆکارێکه، هۆکاری دووەمیش پەیوەندی بە دۆخی ئاوی عێراقەوە هەیە ئەویش کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە، وەک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین”.
ئاشکراشی کرد: “کاریگەری کەمیی ئاو زۆرە، بەو پێیەی 70%ـی سەرچاوەی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوە دێت و تەنیا 30% لە ناوخۆیه.”
روونیشی کردەوه: “بەفیڕۆدانی ئاو لە کشتوکاڵدا بەلایەنی کەمەوە دەگاتە 60%، هەروەها کارایی ئاودێری بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە 40% تێناپەڕێت. لە راستیدا لە چەند ساڵی رابردوو هیچ گۆڕانکارییەک لە هەوڵەکان بۆ ئاودێری و کشتوکاڵی هاوچەرخدا نەدراوه. پێویستمان بە هەنگاوی زیاترە، هەروەها کاری بەرچاوی حکومەتیش هەیە بەم ئاراستەیە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “سەرەڕای کەمییەکی بەرچاوی ئاو، ئاوی خواردنەوە هەروەها ئاو بۆ مەبەستی تەندروستی پارێزراوە”.

