ڕۆژنامەیەكی عەرەبی رای دەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێك كەوتوون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەكردنەكە دەست پێدەكاتەوە.
رۆژنامەی (العربي الجديد) لە زاری باسم غرێباوی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوی كردووەتەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی لەبارەی میكانیزمی هەناردەكردنی نەوتەكە ڕێككەوتوون، بەم جۆرەش ئەو قەیرانە كۆتایی دێت كە زیانی ملیارەها دۆلاری لە عێراق داوە.
ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە باسی لەوە كردووە كە كۆمپانیای نەوتی باكوور، ئەو بڕە نەوتە كۆگا دەكات كە رادەستی عێراق دەكرێت تاوەكوو دواتر لە ڕێگەی بۆڕییەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بكرێت لە توركیا، ئەویش دوای گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ لایەنی توركی.
رۆژنامەكە رای گەیاندووە كە دوای ڕێككەوتنەكە، ”لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەكردنی نەوتی كوردستان وردە وردە دەست پێدەكاتەوە، ئەویش پاش تەواوكردنی ئامادەكارییە تەكنیكی و لۆجستییە پێویستەكان.“
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی لێدوانی بۆ رۆژنامەكە داوە، ”دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەشداریی دەکات لە سەقامگیریی دابینکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان، هەروەها هەنگاوێکی پراکتیکی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە چاوەڕوانکراوەکانی دیکە لە نێوان هەردوو لایەن، کە لە پێش هەموو شتێکەوە دۆسیەی مووچەی مووچەخۆران و دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانیانە.“
لە لایەن خۆیەوە گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری وزە رای گەیاندووە كە ”وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ، بووە هۆی ئەوەی ملیارەها دۆلار زیان لە ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان بدات. بەڵام بەپێی ڕێکەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تەرخان دەکرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان، ئەو بڕە بەرهەمەی دەمێنێتەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەفرۆشرێت، بەبێ ئەوەی سەقفێکی جێگیر دیاری بکات.“
لە لایەكی دیكەوە هومام شماع، ئابووریناس لە عێراق، بە رۆژنامەی (العربي الجديد)ی راگەیاندووە، هەناردەكردنی نەوتی كوردستان و فرۆشتنی لە لایەن سۆمۆوە یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی كورتهێنانی راستەقینەی بودجەی گشتیی عێراق.

