شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین کارگەی کاپتاگۆنیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەی بەقاع لە لوبنان ڕاگەیاند.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند، “بەهۆی هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی لوبنان، یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆنمان لە ناوچەی دۆڵی بەقاع لە لوبنان لەناو برد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، زانیاریی دەربارەی ئەو کارگەیە، لەلایەن دەزگا ئەمنییە عێراقییەکانەوە دراوە بە لوبنان، ئەمەش وایکردووە سوپای لوبنان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2025دا، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بکات و دەستبەسەر کارگەکەدا بگرێت، هەروەها بڕێکی زۆری ماددە هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیرا، ئەمەش بە لێدانێکی بەهێز لە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی لوبنان لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی کردووە، دووپاتیکردووەتەوە کە ئەم هاوکارییە هەواڵگرییە ڕەنگدانەوەی بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سنووربەزێنەکان، ماددە هۆشبەرەکان هەیە، کە بە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگەی عەرەبی.

