ریال مەدرید تووشی کێشەیەکی یاسایی نوێ بووەوە دوای بەشداریکردنی یاریزانە گەنجە ئەرجەنتینییەکەی، فرانكۆ ماستانتۆنۆ، کە بەم دواییانە لەگەڵ تیمی دووەم (کاستیا) بە درێسی ژمارە ٣٠ تۆمارکرابوو، و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆساسۆنا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەشداریی کرد، کاتێک لە خولەکی ٦٧ وەک یاریزانی یەدەگ هاتە ناو یاریگاوە.
بەپێی ڕۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی، ئەم بەشداریکردنە دەستبەجێ مشتومڕێکی دروست کرد، دوای ئەوەی میگێل گالان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەرانی تۆپی پێ، جەختی کردەوە کە ئۆساسۆنا مافی ئەوەی هەیە سکاڵا لەسەر ڕیاڵ مەدرید تۆمار بکات بە بیانووی “بەشداریکردنی نایاسایی”، و ڕیاڵ مەدریدی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کاتی تۆمارکردنی یاریزانەکە لەگەڵ تیمی دووەمدا “بە نیازخراپییەکی ئاشکرا” هەڵسوکەوتی کردووە.
گالان، لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی “ئێکس” نووسیویەتی: “لە خولەکی ٦٧، ماستانتۆنۆ (١٨ ساڵ) بەشداریی پێکرا، کە ئەمەش بەشداریکردنێکی نایاساییە، و ئۆساسۆنا ٢٤ کاتژمێری لەبەردەستە لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکەی. ڕیاڵ مەدرید بڕیاریدا مەترسیی ئەگەری هەڵەیەکی لەو شێوەیە لە ئەستۆ بگرێت لە یارییەکەیدا بەرامبەر ئۆساسۆنا.”
هەروەها وتی: “گرنگە ڕوون بکرێتەوە کە تەنها دانانی ناوی یاریزانێک لە لیستی بانگهێشتکراواندا بە سەرپێچی دانانرێت، بەڵکو دەبێت یاریزانەکە بە کردەیی بەشداری بکات تاوەکو بە سەرپێچی هەژمار بکرێت. یاریزانە ئاماژەپێکراوەکە، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە، مۆڵەتێکی یاسایی کارای هەیە کە ڕێگەی پێدەدات بەشداری بکات.”
لە درێژەدا وتی: “ناتوانرێت پشت بە بنەمای متمانەی شەرعی ببەسترێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرپێچییەکەی ڕیاڵ مەدرید لە ماددەی ١٢٥ی پەیڕەوی گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، چونکە تۆمارکردنی یاریزانەکە لە تیمی دووەمدا بە نیازخراپی بووە. ئەمەش لە شێوازی ناساندنی یاریزانەکە لەلایەن یانەکەوە دەردەکەوێت، کە بە ڕوونی نیشانی دا ئەو بەشێکە لە تیمی یەکەمی شاهانە، لە کاتێکدا لەگەڵ تیمی دووەمدا تۆمارکراوە بۆ فێڵکردن لە یاسای دیاریکردنی ژمارەکان لە ١ بۆ ٢٥، و بەمەش کورسییەکی زیادە بۆ تیمی یەکەم دابین بکات.”
گالان لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ماددەی ١٢٥ی پەیڕەوی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەڵێت: “نابێت پەیوەندیی پاشکۆیەتی یان بەسترانەوە بە تیمی دووەمەوە ببێتە هۆکارێک بۆ فێڵکردن لە ڕۆحی یاسا ڕێکخەرییەکان یان بۆ هەر مەبەستێکی تر جگە لە مەبەستی سەرەکیی ئەو پەیوەندییە، و هەر ڕێککەوتنێک پێچەوانەی ئەم بنەمایە بێت بە فێڵکردن لە یاسا دادەنرێت و پووچەڵ و بێ بنەمایە.”

