فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی، پرسە دووقۆڵییەکانیان کرد، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە نەوت و ئاوەوە هەیە، هەروەها پەکەکە و کاردانەوەکانی لەسەر ناوچەکە.
ئەمەش لە میانەی دیدارەکەیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە شاری جددەی سعوودیە بوو.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: “لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرا و باس لە پرسە هاوبەشەکان کرا، بەتایبەتی کەرتی نەوت و ئاو و هێڵەکانی نەوت. هەروەها پرسی پەکەکه و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا”.
وەزیری تورکیا ستایشی کارکردنی بێ کێشەی بازرگانانی تورکیای لە عێراق و بەشداریکردنیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان کرد، جەختی لەسەر خواستی ئەنقەرە بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان کردەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “هەردوولا باسیان لە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان عێراق و تورکیا کردووە سەبارەت بە پرسی ئاو و گرنگی رێکخستنی بەردانەوەی ئاو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی ئاسایشی ئاوی هەردوو وڵات”.

