مستەفا بیلیجی، پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە و ئەندامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ڕایگەیاند پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێ بکرێن و کۆمیسیۆنەکەش لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە.
بیلیجی گوتی: “ئەرکی کۆمیسیۆن گوێگرتنە لەو لایەنانەی ئازارێکی زۆریان چەشتووە و پێویستە ڕێگری بکات لەوەی جارێکی دیکە ئەو ئازارانە دووبارە ببنەوە.”
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم کاری کۆمیسیۆن دەبێت جێبەجێکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دۆزینەوەی چارەسەرێک بێت بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە تورکیا. هەروەها گوتی، دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئەندامانی پەکەکە بەس نییە و دەبێت هەنگاوی دیموکراسیش بنرێت.
بیلیجی داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری کرد بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی. لە کۆتاییدا گوتی: “بڕیاری چەکدانان بە فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دراوە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بگیرێت

