zagros news agency

پەیامێک لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان به‌ بۆنه‌ی مانگی مەولودو له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) پەیامێکی بڵاو کردەوە.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

 

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

(هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) سورة الجمعة: 2.

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی مانگی مه‌ولوودو یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری سەروەرو ئازیزمان ( محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت)، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە موسڵمانان به‌گشتی‌و كوردستانیان به‌ تایبه‌تی و زانايانی ئایینی ده‌كه‌ین.

ئەم یادەو هاتنە دونیای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) وەرچەرخانێکی مەزنی مێژووی مرۆڤایەتی و مایەی خۆشحاڵی گەورەی جیهانی ئیسلامیە، کە ساڵانە کاریگەری زۆری لەنێو موسڵمانان هەیە، بەتایبەت لای گەلی کورد کە پتر لە هەشت سەد ساڵە لەسەر دەستی زانایان ئەم بۆنەیە جێگەی رێزگرتن و بەرز راگرتن بووە، بۆیە له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵك وەک دەربڕینی وەفاو خۆشەویستی به‌جۆش‌و خرۆشه‌وه پێشوازی ئەم یادە دەکەن.

تەئکید لە پێویستی پابەندی بە رێ و رێبازی ئەم زاتە مەزنە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و زانستی دەکەینەوە، کە خوای گەورە وەک رەحمەت بۆ تێکڕای جیهان رەوانەی کردووە، پەیام و فەرمایشتەکانی بنەماو رێسای گرنگی ژیان و خواناسی و دینداری و مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی.

داوا دەکەین بەوپەڕی شایستەیی و رێزو رێکوپێکی ئەم یادە بەرز رابگیرێت و، شتی نارێک و نادروست و نەگونجاوی تێکەڵ نەکرێت، بە گرنگی دەزانین ئەم بۆنەیە نەکرێتە ئامرازی یەکترشکاندن و ناکۆکی و زەقکردنەوەی دووبەرەکی و ناوزڕاندن و ناتەبایی، لەهەرێمی کوردستان ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان حوکمی ئەم بۆنەیەی یەکلایی و روونکردۆتەوە، تکاشمان وایە لایەنەکان ئەم بۆنەیە بە دەرفەت بزانن بۆ ئاوەڕدانەوەی پتر لە خەڵک و یەکهەڵوێستی و تەبایی و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری و پاراستنی رەسەنایەتی و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان..

دووبارە پیرۆز بێت ئەم یادە شکۆدارە لە تێکڕای مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

3ی ئەیلولی 2025

11ی ربیع الأول 1447

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین

پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

یاسین

سوپای لوبنان ڕەتیکردەوە لە خاڵە سنووریەکان کشابێتەوە

یاسین