ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، سوپاسی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکووری کرد لە بەرانبەر یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ مۆسکۆ لە شەڕی دژ بە ئۆکراینا. ئەو دوو سەرۆکە لە پەراوێزی ڕێوڕەسمێکی سەربازیی گەورەدا لە پەکین، کە بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵیادی شکستی ژاپۆن لە جەنگی جیهانیی دووەم بەڕێوە چوو، دیداریان کرد و گفتوگۆیان ئەنجام دا.
کۆریای باکوور بۆ پشتیوانیکردن لە مۆسکۆ لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی سنووریی کورسک، دەیان هەزار سەربازی سوپاکەی ڕەوانەی ڕووسیا کردبوو.
کیم جۆنگ ئون لە دیدارەکەیدا لەگەڵ پووتین، دڵنیایی پێ دا کە کۆریای باکوور تا ئەوپەڕی توانای خۆی پشتیوانی لە ڕووسیا دەکات. سەرۆکی هەردوو وڵات لەم دیدارەدا هەروەها لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ڕێککەوتن.

