zagros news agency

حكوومەتی فیدراڵی ناتوانێ ڕێ لە قاچاخچێتی بگرێ و بەندەرێكی خۆی لە بەسڕە دادەخات

 

حكوومەتی فیدرالیی عێراق لە جیاتی رێگەگرتن لە بەقاچاخبردنە دەرەوەی نەوتی عێراق، بەندەرێكی خۆی لە بەسڕە داخست و كۆتایی بە جموجۆڵە بازرگانییەكانی ئەو بەندەرە هێنا.

كەناڵی (وان نیوز)ی عێراقی بڵاوی كردەوە، لەژێر فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا زیاد لە جارێك جەختی لە بوونی قاچاخچێتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرە ئاوییەكانی بەسڕە كردەوە، كۆمپانیای سۆمۆ وێستگەی ژمارە ٤١ی لە مینای خۆرزوبێر لە بەسڕە داخست.

كەناڵەكە ئەوەشی خستە ڕوو كە داخستنی ئەم بەشەی بەندەرەكە بەهۆی ئەوەیە كە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەژێر هەڕەشەی داخستندایە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە داخستنی بەشێكی بەندەری خۆر زوبێر كێشەی قاچاخچێتی لە عێراق چارەسەر ناكات، لە كاتێكدا بەشێك لەو نەوتەی بە قاچاخ دەبردرێتە دەرەوە، لە لایەن حكوومەتی فیدرالییەوە و بە ناوی پاڵپشتیكردنی كارگەكانی كەرپووچ و هەندێك پیشەی دیكە، دابەش دەكرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە چاودێران پێیانوایە حكوومەتی فیدرالیی عێراق ناتوانێ ڕێ لە قاچاخچێتیی نەوتی عێراق بگرێت و ئەو هەنگاوەشی زیان بە داهاتی بەندەرەكە دەگەیەنێت، بەڵام قاچاخچییەكان دوور نییە كە بەشەكانی دیكەی بەندەرەكە بۆ قاچاخچێتییەكەیان بەكار بهێنن.

جێی باسە پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا چەندان جار سزای خستبووە سەر كۆمپانیا و بازرگانە عێراقییەكان بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت، بە تایبەتیش فرۆشتنی نەوتی ئێران بە ناوی نەوتی عێراق. تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا و عێراق باسیان لەوە كردبوو كە قاچاخچییەكان بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە ناوی نەوتی عێراق، سوودیان لەو بەڵگەنامانەش وەرگرتووە كە لە ڕێگەی كەسانی نزیك لە خۆیانەوە لە كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆیان دروست كراوە، ئەمەش مەترسیی ئەوەی درووست كردبوو كە سزا بخرێتە سەر سۆمۆ یان فرۆشتنی نەوتی عێراق قەدەغە بكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەوە

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا

یاسین

ئۆکرانیا: 24 فڕۆکەی ڕووسیامان خستووەتە خوارەوە

سەڵاح