zagros news agency

ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا گەیشتە نزمترین ئاستی لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا

 

ئازادیی میدیاکان لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە نیو سەدەی ڕابردوودا. لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی و یارمەتیی هەڵبژاردن (International IDEA) بڵاو کرایەوە، ئەفغانستان، شانبەشانی بورکینافاسۆ و میانمار، لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین پاشەکشەیان لەم بوارەدا بەخۆوە بینیوە. دۆخی کۆریای باشووریش بەهۆی فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان بەخراپی ڕووی لە داکشان کردووە.

ڕاپۆرتەکە کە دۆخی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان هەڵدەسەنگێنێت، دەری دەخات زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان (٥٤٪) لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤، لە یەکێک لە پێنج پێوەرە سەرەکییەکەی دیموکراسیدا پاشەکشەیان کردووە. کێڤن کاساس-زامۆرا، سکرتێری گشتیی ئەو ناوەندە کە بنکەکەی لە ستۆکهۆڵمە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: «گرنگترین دەرەنجامی ڕاپۆرتەکەمان ڕەنگە داکشانی زۆر مەترسیداری ئازادیی ڕۆژنامەگەری بێت لە جیهاندا.» ناوبراو زیادی کرد، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٤ ئازادیی میدیاکان «خراپترین داکشانی لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە.»

ئەم ڕەوتە لە ٤٣ وڵاتی هەموو کیشوەرەکاندا بەدی کراوە، کە ١٥یان وڵاتی ئەفریقایی و ١٥یان ئەورووپایین. کاساس-زامۆرا جەختی کردەوە: «ئێمە هەرگیز شایەتحاڵی داکشانێکی وا توند نەبووین لە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی تەندروستیی دیموکراسیدا.»

ناوبراو هۆکارەکانی ئەم دۆخەی بە تێکەڵەیەکی «ژەهراوی» دانا، کە لەلایەک دەستێوەردانی توندی حکوومەتەکان و لەلایەکی دیکەش کاریگەریی نەرێنیی بەربڵاوی زانیاریی ناڕاست لەخۆ دەگرێت؛ زانیارییەک کە هەندێک جار دەبێتە بیانوویەک بەدەست حکوومەتەکانەوە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.

پەیمانگاکە هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کۆبوونەوەی خاوەندارێتیی میدیا کلاسیکەکان لە دەستی ژمارەیەکی کەمی کەسایەتییەکاندا و لەهەمان کاتدا ونبوونی میدیا خۆجێییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی گفتوگۆی دیموکراتیدا دەگێڕن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەیاننامەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

سەڵاح

تورکیا: بەرپرسێکی پەکەکەمان لە سلێمانی کوشت

سەڵاح

شاندێکی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغدا

سەڵاح